ن/ مستەفا دۆلەمەری
بەرهەم ساڵح كاتێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی نەهێنا، بە تووڕەییەوە هۆڵی پەرلەمانی بە جێهێشت و بۆ رۆژی دواتر گەیشتە سلێمانی لەوێشەوە بۆ مێرگەپان.
تووڕەبوونی بەرهەم ساڵح تا ئەو ئەندازەیە بوو، كە ئامادە نەبوو لە مەڕاسیمی دەستاودەست پێ كردنی پۆستی سەرۆك كۆمار بە شێوەی یاسایی و پڕۆتۆكۆڵی ئامادە بێت.
پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی دكتۆر بەرهەم ساڵح بە درێژایی 4 ساڵی لە كۆشكی كۆماری جارێك ئەگەر بەس وەك هەڵوێستێكی سیاسیش بایە لەو هەموو غەدرەی لە كورد كرا ئامادە نەبوو كۆشكی سەلام بەجێبیڵَی و تووڕەبێت، بۆچی كاتێ مووچەیان بڕی، بودجەیان نەنارد، 16ی ئۆكتۆبەریان كرد، عەرەبە هاوردەكان هەڵیان كووتایە سەر جووتیارانی كورد لە پەلكانە و كەركووك، بۆچی كاتی ماڵی كورد دەڕووخێندرا و بەردەوامە، بۆچی كاتێ لە كەركووك پۆستیان لە كورد وەردەگرتەوە، ئەو زاتە ئامادە نەبوو تووڕەبێت و تەنها هەڵوێستی توندی نواندبایە، با كۆشكی سەلامی جێ نەهێشتبا، هەر لەوێ چەند قسەیەكی توند یا رەخنەیی بكرد بایە، هەر نەبێ سەرۆكی حكومەتی عێراقی بانگهێشت كردبا و گوشاری لێ كردبایە، بە پێی دەستوور ئەو مافەی هەیە.
لە دوای گیان لە دەستدانی مام جەلال، 55 بڕگەی دەستووری لە ئاست هەرێمی كوردستان پێ شێل دەكرێت و تا ئێستا بەردەوامە بۆچی جارێك جورعەتی ئەوەی نەكرد پێداگری لەسەر جێبەجێ كردنی ماددە دەستوورییەكان بكات، لە كاتێكدا سەرۆككۆمار پارێزەری دەستوورە.
بۆچی لەسەر دۆخی شنگاڵ ئەوەندە لاواز و بێ كاردانەوە بوو، بۆچی لە ئاست تۆپباران و بۆردوومانەكانی هەرێمی كوردستان نقەی لێوە نەهات و گوشاری نەكرد بۆ نەهێشتن ئەو بێ رێزییە لە ئاست سەروەری خاكی عێراق و هەرێم دەكرد.
بۆچی لە كاتی گیان لەدەستدانی خەڵكی سڤیلی ناوچە كەم هەڵویسَت بوو، بەڵام كاتی كوژرانی چەند گەشتیارێكی عەرەب لە زاخۆ هاتە سەر خەت هەڵوێستی وەرگرت.
بۆچی كاتێ حەشدی شەعبی و گرووپەكانی سەربە ئێران هێرشیان كردە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و كەركووك و ئاڵا و بارەگایان پێكەوە سووتاند، بێ دەنگی دایگرت، هەر نەبایە لەبەر خاتری سووتاندنی ئاڵای كوردستان دەبوایە بینایی زیاتر حوكمی كردبایە.
ئەم هەموو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكە تەنها یەك وڵامیان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بەرهەم ساڵح كورسی كۆشكی سەلامی پێ لە هەموو ئەو غەدر و زۆردارییانەی لە ئاست كورد دەكران گەورەتر و گرنگتر بوو.
ئامادە نەبوونیشی لە مەڕاسیمی دەست بەكار بوونی د. لەتیف ڕەشید وەك سەرۆك كۆمار، ئاماژەی روونن بۆ هەڵ پەرستی و كورسی پەرستی بەرهەم ساڵح، ئەو هەڵوێستەی هەرگیز حورمەتی بۆ ناگەڕێنێتەوە، پێچەوانە وێرانتری دەكات.