مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕاوێژكارێكی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە ئێستادا عێراق هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ نیشتەجێكردنی كۆمەڵە و دیموكرات لە وڵاتی سێیەم.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێكی دا لەگەڵ میدیایەكی ئێرانی، قسە لەسەر ڕێكەوتنەكەیان دەكات لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داخستنی بارەگاكانی حزبە كوردییە دژ بەرەكانی ئێران و دەڵێت “لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكانیان لەگەڵ ئێران، 77 بارەگای كۆمەڵە و حزبی دیموكراتیان لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوەوەی هەرێمی كوردستان داخستووە.”
دەشڵێت “سەرجەم بارەگاكان ڕادەستی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور كراون و چەكە قورسەكانی ئەوانیش ڕادەستی هێزی پێشمەرگە كراون.”
ئەعرەجی ئاماژە بەوەش دەكات كە تەواوی ئەندامانی ئەو گرووپانە بۆ شەش كامپ لە هەولێر و سلێمانی گواستراونەتەوە و جەختی لەوەش كردەوە “عێراق كار بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ نیشتەجێكردنیی ئەندامانی ئەو پارت و لایەنانە لە وڵاتی سێیەم.”