مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆككۆماری ئێران بە سەردانێك گەیشتە عێراق و دوای چەند دیدارێك لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەردانیكردنی بۆ شارەكانی نەجەف و كەربەلا، پاشان دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
عەباس عێڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بە چەند خولەكێك بەر لە سەردانەكەی مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران بۆ عێراق، قسەی بۆ میدیاكانی ئێران كرد و گوتی “ئەمڕۆ سەرۆككۆمار لە یەكەمین سەردانی فەرمیی دەرەوە، سەردانی وڵاتێكی گرنگ دەكات و لەو سەردانەشدا 15 ڕێككەوتننامە لە نێوان هەردوولا (ئێران و عێراق) واژۆ دەكرێت.”
هاوكات لە ڕاگەیاندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە “هەردوولا سپۆنسەری مەراسیمی واژۆكردنی پاكێجێك لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە بواری هاوكاری باج، هەروەها لە بوارەكانی كشتوكاڵ، سامانە سروشتییەكان، پەیوەندییەكان، پاراستنی كۆمەڵایەتی، گەنجان و وەرزش، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی هونەری، و هاوكاری لە بواری شوێنەوار، هەروەها لە بواری ڕاهێناندا پەرەپێدانی پیشەیی، پەرەپێدانی هێزی كاری لێهاتوو، و هاوكاری نێوان ژوورەكانی بازرگانی دەكەن.”