مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆماری ئیسلامی ئێران، دوو بەندكراوی تری كوردی خەڵكی سایین قەڵای رۆژهەڵاتی كوردستانی لەسێدارەدان.
بەپێی راپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو بەندكراوی كورد بە ناوەكانی (سولەیمان قەهرمانی و فەیزوڵڵا حوسێن پوور) لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێكراوە.
لە راپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 9ـی ئەیلوول، سزای سێدارەی ئەو دوو بەندكراوی كورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میاندواو جێبەجێكراوە و كە ڕۆژی شەممە بۆ جێبەجێكردنی سزای سێدارەكەیان، بۆ ژووری تاكە كەسی گوازرابوونەوە.”
هەنگاو ئەوەشی خستووەتە روو “فەیزوڵڵا باوكی سێ منداڵ و خەڵكی گوندی “چراخەواڵ” و سلێمان یش خەڵكی گوندی “حەسەن لۆڵان” هەردووكیان پێنج ساڵ لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەركران و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا.”

































































