مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە شەوی ڕابردوو ئۆكراینا لە ڕێگەی دەیان درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردووەتە سەر وڵاتەكەی.
ئەندرێی ڤەرەبیۆڤ، پارێزگاری دەوروبەری مۆسكۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـى ئەیلوولی 2024، ڕایگەیاند “بەهۆی هێرشێكی درۆنی لە ناوچەی ڕامێنسكی مۆسكۆ، باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون ئاگری گرت و ئافرەتێكی تەمەن 46 ساڵی دانیشتووی باڵەخانەكە گیانی لەدەستداوە و دوو كەسی تریش بریندارن.”
لە لایەكی تریشەوە پارێزگاری كورسك لە ڕاگەیاندراوێكدا خستنە خوارەوەی 12 درۆنیان لە سنووری پارێزگاكە ڕاگەیاند .
هاوكات لە ترسی هێرشە درۆنییەكەی شەوی ڕابردووی ئۆكراینا، زۆربەی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی دەمەدێدەڤ، ڤنوكەڤە لە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا ڕاگیراون و لەگەڵ ئەوەشدا هاتووچۆ لە شەقامی كاشیرسكۆی پایتەخت سنووردار كرابوو .
لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت “هێزی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەمان، لە یەك شەودا 144 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئۆكراینایان لە ناوچە جیاجیاكان لەناو بردووە.”