مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ناوچەی سەلامیاتی شاری بەغدا دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز بیستراو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا ڕاگەیاند تەقینەوەكە لە ڕێگەی بۆمبێكی چێنراوەوە ئەنجامدراوە.
وەلید تەمیمی، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاند “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئەیلوول، بۆمبێكی چێنراوە لە ناو بۆكسێكی دیارییەوە لە ڕێی شۆفێرێكی (توك توك) نێرراوە بۆ هاووڵاتییەك،”
دەشڵێت “بۆمبەكە پێش ڕادەستكردنی بۆكسەكە، لە نزیك بازگەیەكی سەربازیی تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شۆفێری توك توك-ەكە و سەربازێك و برینداربوونی دوو كەسی دیكە.”
تەمیمی ئاماژە بە هۆكاری ڕووداوەكە دەكات و دەڵێ “ڕووداوەكە بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بووە و دوورە لە كاری تیرۆریستی و لە ئێستادا لە ڕێگەی تیمەكانمانەوە لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە بۆ دۆزینەوەی دارێژەری پیلانەكە.”

































































