زارى کرمانجى-ڕواندز:
هاووڵاتییانى دوو گوندى سنوورى قەزاى ڕواندز لە دۆڵى ئاکۆیان، داواى زیادکردنى حەرەمى گوند دەکەن، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى ڕواندزیش دەڵێت: ” بەپێى ڕێنماییەکانى ساڵى ٢٠٢٤ کارى لەسەر دەکەین”.
پەیام دڵدار، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى ڕواندز لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند، ” لە سەردانى بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران بۆ ڕواندز، باس لە کۆمەڵیک بابەت کرا، یەکێک لەوانە زیادکردنى حەرەمى گوندەکان و هەماهەنگى زیاتر لەگەڵ ئیدارەى ناوچەکەو چەند بابەتێکى دیکەى تایبەت بە سێکتەرى کشتوکاڵ لە سنوورى ڕواندز”.
زیاتر گووتى: ”ئێستا دانیشتووانى گوندى ئاکۆیان و سەران، داواى زیادکردنى حەرەمى گوند دەکەن، ئەمەش دەبێ بەپێى ڕێنماییەکانى ژمارە (٢) ى ساڵى ٢٠٢٤ کارى لەسەر بکرێت و ڕێکارەکانى فراوانکردنى حەرەمى گوندەکان لەسەر نەخشە جێبەجێ بکرێت”.
پتر روونیکردەوە، بەپێى رێنماییەکان ئەگەر هاووڵاتییەک داواکارى پێشکەش کرد بۆ دروستکردنى خانوو، ئەگەر بکەوێتە ناو نەخشەى حەرەمى گوند ئەوە ڕێگەى پێدەدرێت، بەڵام لەناو نەخشە نەبێت، ناتوانێت خانوو دروست بکات.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ساڵى ٢٠٢٢، لە گوندى ئاکۆیان ٢٦٥ دۆنم زەوى بۆ حەرەمى گوند زیادکراوە، بەڵام جارێکى دیکە داواى زیادکردنى حەرەم دەکەنەوەو ئێمەش کارى لەسەر دەکەین، چونکە بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵیش، نابێت زەوى کشتوکاڵى بۆ نیشتەجێبوون بەکاربێت، ئەگەر زەوى بەردەلانى نەبوو، ئەوکات دەتوانن سوود لە زەوى کشتوکاڵى وەربگرن”.