زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابخانەیەكی سیستەمی (ئینگلیزی) حكومی لە ناحیەی گۆرەتوو دەكاتەوە، شێوازی وەرگرتنی قوتابییش بە تیروپشك دەبێت.
ڕاگەیاندنی پەروەردەی مێرگەسۆر ئاگاداریەكی بڵاوكردووتەوە و لە ئاگاداریەكەدا هاتووە، ئاگاداری دانیشتووانی قەزای مێرگەسۆر دەكەینەوە كەوا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە وەزارەتی پەروەردە هەڵدەستێت بە كردنەوەی قوتابخانەیەكی سیستەمی (ئینگلیزی) حكومی لە ناحیەی گۆرەتوو بۆ ئەم ساڵی خوێندن ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و بۆ پۆلەكانی (١و٢و٣)ی بنەڕەتی.
هەر لە ئاگاداریەكەدا هاتووە، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر داوای لە وەزیری پەروەردە كرد كە ڕەزامەندی بفەرموون بە كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە و وەزیر بە خۆشحالیەوە ڕەزامەندی دەربڕی بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە كە بۆ یەكەم جارە قوتابخانەیەكی بەم شێوەیە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بكرێتەوە هەر بۆیە هەر كەسێك ئارەزووی ناردنی منداڵەكانی بۆ ئەم قوتابخانەیە هەیە دەتوانێت لە بەرواری (١٠ تا١٣)ی ئەم مانگە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر بكات بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی قوتابی.
لە ڕاگەیاندنی پەروەردەی مێرگەسۆر ئەوەش هاتووە، شێوازی وەرگرتنی قوتابی بە تیروپشك دەبێت بۆ زانیاریتان و تەنها 3 ڕۆژ كاتتان لەبەردەستە بۆ پركردنەوەی ئەم فۆرمە.