مۆنا قەهوەچی سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكیدا، وەڵامی عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری خولی پێشوو دەداتوە و لە بەشێكی نووسیویەتی ” گۆڕان و عەلی حەمە ساڵح دەیانویست لە رێگەی یاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان پارەی گشتی بەهەدەر بدەن و بۆ چالاكی حزبی و كەسێتی بەكاری بهێنن”.
مۆنا نووسیویەتی ” لە ڤیدیۆیەكدا عەلی حەمە ساڵح قسە بۆ چەند كەسێك دەكات وا دیارە لە ئێستاوە دەستی كردووە بە بانگەشە و بڵاوكردنەوەی درۆ بەناوی بەندەوە، گوایە لە كاتی گفتووگۆی یاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان لە پەرلەمان داوای پارەمان كردبێت بۆ پارتە سیاسییەكانی توركمان، لە رێگەی ئەو نووسینەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێنم سەر لەبەری ئەو قسانە ناڕاست و هەڵبەستراون”.
زیاتر ڕوونی دەكاتەوە ” بە پێچەوانەوە ئەو كاتەی كاك عەلی باسی دەكات سەرۆكی پەرلەمان لە گۆڕان بوو و جەنابیشیان ئەعرابی ئەو پڕۆژە یاسایە بوو، دەیانویست پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندی حزبی بەكار بهێنن و هەر كورسییەكی پەرلەمان (60) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان بكەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و رێگری لە یاسایەكە كرا”.
قەهوەچی روولە هاووڵاتییان كوردستان دەنووسێت ” پێویستە خەڵكی خۆشەویستی كوردستان راستییەكان بزانن و گوێ لە قسەی دروستكراو و ناڕاست نەگرن، لەبەر ئەوەی ئاشكرایە گۆڕان و عەلی حەمە ساڵح دەیانویست لە رێگەی یاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان پارەی گشتی بەهەدەر بدەن و بۆ چالاكی حزبی و كەسێتی بەكاری بهێنن، كەچی بەو قسانە دەیانەوێت پەرێزی پیسی خۆیان بە ئێمە خاوێن بكەنەوە”.