”ئەوە هەنگاوێكە بۆ ركابەرایەتیی بازاڕو كاتێك نرخ بەرزدەببێتەوە، خۆراك و پێداویستی هەرزانتر بفرۆشرێت”
زارى کرمانجى-سۆران:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: ”دەستیانكردووە بە كردنەوەی هەفتەبازاڕەكان لە شارەكان و سەرەتاش لە بەغداوە دەستی پێكردووە، لەو هەفتەبازاڕانەدا 25 مادەی خۆراكی بە نرخی 20% هەرزانتر لە بازاڕ دەخرێتە بەردەستى هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ یەكشەم 8ى ئەیلوولى 2024، محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، رایگەیاندووە، وەزارەتی بازرگانی بەنیازە شەش سەنتەری بازرگانی لە بەغدا بكاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەش و ڕكابەری كەرتی تایبەت لە دابینكردنی خۆراك بە نرخێكی گونجاو.
زیاتر گووتی، ئێستە پاڵپشتییەكی گەورەی حكوومەت هەیە بۆ بووژاندنەوەی ناوچە هەژارنشینەكان لەڕێی حكوومەتەوە بۆ هەرزانكردنی كەلوپەلی خۆراك، بازاڕە نوێیەكە هەنگاوێكە بۆ ركابەرایەتیی بازاڕو كاتێك نرخ بەرزببێتەوە، لەو شوێنە خۆراك و پێداویستی هەرزانتر بفرۆشرێت.
پتر روونی كردووەتەوە، لەو بازاڕانە وەزارەتی بازرگانی هەنگاوێكی گرنگی ناوە بە ئامادەكردنی 25 مادەی خۆراكی سەرەكی و دانانی نرخیان، بۆ ئەوەی دەستكاری نرخەكانیان نەكرێت و سەقامگیری لە بازاڕدا بەدەست بهێنن. ئەم مادانە بە نرخێكی 20% كەمتر لە بازاڕ بەردەست دەبن، هەروەها لە ناوەندە نوێیەكانی بازاڕكردندا بەردەست دەبێت كە بەپێی چەمكی هایپەرماركێت كار دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانی ئەو بەرپرسە دەڵێت، پلانمان هەیە ئەو بازاڕە لە تەواوی پارێزگاكان بكەینەوە بۆ هەرزانكردنی نرخ.