زارى کرمانجى-سۆران:
گوتەبێژی سەربازی حووسییەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گرووپی یەمەن، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی ( MQ-9) یان خستۆتە خوارەوە، کە بە ئاسمانی پارێزگای مەئرەبدا دەفڕی.
یەحیا سەریع، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە هەشتەمین فڕۆکەی لەم جۆرەیە کە گروپە چەکدارەکانمان سەرکەوتوو بوونە لە خستنەخوارەوەدا.
سەرچاوەیەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، کە حووسییەکان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 لە ئاسمانی پارێزگای سەعدە لە باکووری ئەو وڵاتەیان خستووەتە خوارەوە.
هەروەها حووسییەکان لە 30ـی ئایاردا ڕایانگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هاوشێوەیان بەسەر پارێزگای مەئرەبدا خستووەتە خوارەوە و لە 21ـی ئایاردا فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانی بەسەر پارێزگای بەیزا خستووەتە خوارەوە.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکەی ئەمەریکا MQ-9 کە نرخی هەر فڕۆکەیەکی 30 ملیۆن دۆلارە، دەتوانێت لە بەرزی 50 هەزار پێدا بفڕێت، هەروەها دەتوانێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بفڕێت پێش ئەوەی ناچار بێت بنیشێتەوە.
حوسییەکان زیاتر لە 70 هێرشیان کردووە، لەو ماوەیەدا دوو کەشتییان نوقم کرد و دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت و لانیکەم سێ دەریاوانیان کوشتووە.