زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری کارگەی زووم بۆ بەرھەمھێنانی شیرەمەنی لە ھەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بە دەست بهێنن و سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتییشیان وەرگرتووە. دەشڵێ، کار دەکەین بۆ ئەوەی کارگەکە فراوان بکەین، تا لە داھاتوودا پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە.
ئەندازیار شەھرام سەعید ناوخۆش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ماوەی ساڵێکە کارگەی زووم کراوەتەوە و ئەمساڵ بووینە باشترین کارگەی بەرھەمی شیرەمەنیی عێراق و خەڵاتی باشترین کارگەشمان وەرگرت، هەروەها سێ بروانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتیمان وەرگرتووە، کە لە ڕووی کوالیتی و سەلامەتییەوە ئەو بەرھەمانە بەکار دێن، چونکە کارگەکە پێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو ئێستا بەرھەمی شیری ٢ هەزار خێزانمان وەرگرتووە و زۆرترین شیر لە رۆژێکدا وەرمانگرتبێت، ٣٩ تۆن و ٥٠٠ کیلۆ بووە، هەروەها بەرھەمیشمان ١٠٠% سرووشتی و خۆماڵی و بێ مەوادی پارێزراوە”.
ناوخۆش گوتیشی: “لە ئێستادا شەش جۆری بەرھەمی شیر بەرھەم دێت و لە کۆمپانیا شەش هێڵ ھەیە، کە ھەر یەکێکیان بەرھەمێک بەرھەم دێنێت و تاوەکو وەرزی داھاتوو بۆ ١٢ جۆری بەرھەم زیاد دەبێت، بۆیە وەبەرھێنانێکی باشمان تێدا کردووە و هێڵەکانی بەرھەمەکان، ئەوانیش بەرھەمی پەنیر و ماست و ئاوی ماست و قەیماغ و شیر بەرهەم دێنن”.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “خواست لەسەر بەرھەمەکانی ئێمە زۆر باشە و کێشەیەکمان ھەیە بەھاران شیر زۆرە و لە وەرزەکانی دیکە کەمترە و ناتوانین خواستی بازاڕ بە تەواوی پڕ بکەینەوە، بۆیە ئامانجی ئێمەیە فراوانتر بکرێت و بەرھەمی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە وەرزی شیر بەرھەممان لە ھەموو مارکێت و دوکانەکان ھەیە، کە دەتوانن پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەنەوە ئەگەر بەرھەمی دەرەوە نەیەتە ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ھاوردە کەم ببێتەوە و نەمێنێت، تا لە بەرھەمی ناوخۆ پڕی بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کار دەکەین لە داھاتوودا بەرھەمی ناوخۆ بە تەنیا ھەبێت و ھاوردە نەمێنێت”.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای زووم ئاماژەشی دا: “لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان ٢٦ بنکەمان کردوونەتەوە و شیریشمان لە ٢ هەزار خێزان وەرگرتووە، بۆ دەرفەتی کاریش ٢٤٠ کارمەندمان ھەیە و ٤٠%ی ئافرەتن و ئامانجمانە تا ساڵی داھاتوو بگاتە ٣٠٠ کارمەند، کە ٣٠٠ خێزان دەتوانن لەو رێگەیەوە بژێویی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە ئەم جۆرە کارگانە زۆر گرنگن بۆ خەڵک و ھەلی کار دەڕەخسێنن، ئێستاش خەڵک بە ھۆی ساخبوونەوەی بەرھەم زیاتر ڕوویان لە کاری ئاژەڵداری کردووە، بۆیە ئەو کۆمپانیایە زۆر گرنگ بوو و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێناوە”.