مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا، لە نامەیەكیاندا بۆ جو بایدین سەرۆككۆماری ئەمەریكا، ڕایدەگەیەنن كە عێراق تێوە گڵاوە لە بە قاچاخبردنی نەوتی ئێران و خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووریی عێراقی، لە بارەی نامەكەی كۆنگرێسمانانی ئەمەریكی بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاند “ئەم نامەیە، چەندین لایەنی عێراقی لەوانە وەزارەتەكانی نەوت و گواستنەوە و سۆمۆ تۆمەتبار دەكات بەوەی تێوەگلاون لە بە قاچاخیكردنی نەوتی ئێران بۆ بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە،”
دەشڵێت “لەو نامەیەدا حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بە ئاسانكاریی ئێران، بۆ خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا بەڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی نەوتی ئێران بۆ ناو ناوچەكانی باركردنی نەوتی دەرەوەی عێراق، بە شێوەیەك لەوێ تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكرێت و وەك بەرهەمێكی عێراقی دەفرۆشرێت.”
ئینستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك، لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت “بەهای ئەم مامەڵانە ساڵانە بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات خۆی لە سزاكان بدزێتەوە.”