بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم لەسەر کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتووگۆ بکەن.
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری عیراق، بڵاویکردەوە” ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن و بە ئەندامییەتی ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانی حکومەتی فیدراڵ سەردانی ھەرێم دەکەن و لە ھەولێر زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم ئەنجام دەدەن”.
زیاتر روونكراوەتەوە “شاندەکەی عیراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دۆسییە ھاوبەشەکان و کێشە ھەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ دەکەن”.
بەپێی زانیارییە بڵاو كراوەكان وەڤدەكەی حكومەتی عێراق بریتی دەبن لە ” فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووری، محەمەد تەمیم جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەسیر داود وەزیری بازرگانی عێراق، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، فەیسەڵ وەسام سەرۆكی دەستەی كاغەزە داراییەكان، عەلی بەهادین بریكاری وەزارەتی نەوت”.