بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 07-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەردی بناغەی پۆندی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر دانا و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی زانکۆکەی کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “کردنەوەی ئەم زانکۆیە، کردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانکۆکانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی کوردستان”.
کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی کرد “کاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە بوارەکانی، کەلتووری، زانستی و ئابووری”.
وەبەرهێنان لەسەر گەنجانی هەرێمی کوردستان
بە گوتەی سەرۆکوەزیران “وڵاتەکەمان لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی دەوڵەمەندە و کۆمەڵگایەکی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەکانمان بکەین و پێیان بگەیەنین تاوەکوو کارامەتر لە بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر لە وڵاتەکەمان بەشدار بن”.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە “یەکێک لە ڕێگاکانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناکانیشیان، پێگەیاندنیانە، لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە؛ بۆیە بە کردنەوەی هەر زانکۆیەکی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەکی گەشتر زیاتر دەبێت”.
مەسرور بارزانی پێیوایە زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر، “کاریگەریی و جێدەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی کارامە دیار دەبێت. دەرچووانی ئەم زانکۆیە، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان، لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵاتدا دەبیننەوە”.
توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژەی بەوە کرد “کاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان لە دانانی پلان و بەرنامەکانمان بۆ داهاتوو”.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد لەوەتەی بووەتە سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “هەستم بە کەموکورتی کردووە، لە زۆر بواردا لێکۆڵینەوە و زانیاریی و داتای ورد لە بەردەست نییە؛ بۆیە لەمەودا پێویستە زانکۆکانمان هاوکارمان بن و بناغەی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییە پێشکەوتووەکانی دەرەوە دابنێن، تاوەکوو لە بوارە جیاجاکانی پێویست وەکوو کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و کەشوهەوا لێکۆڵینەوەی هاوبەش بکەن. زانکۆکانی بەریتانیاش لەم ڕووەوە ئەزموونێکی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانکۆیەش دەتوانێت پردێکی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە”.
پۆندی زانکۆی بەریتانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی زانکۆی بەریتانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر بکاتەوە، بەردی بناغەی پۆندێکی لە سنووری زانکۆکە دانا. بێجگە لەمەش ڕووبەڕێکی بەرفراوانی زانکۆکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە.
مەسرور بارزانی گوتی، “ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشین و نیشانەی ئەوەیە بەڕێوەبەرانی ئەم زانکۆیە لە خەمی ژینگەدان و بە پێی توانا و بەرپرسیارییەتیی خۆیان، کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن”.
سەرۆکوەزیران هیوای خواست، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆیان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئالنگارییە ژینگەییەکان بگێڕن. گوتیشی: ئومێدەوارم، قوتابییانی ئازیزمان لەم زانکۆیە و گشت زانکۆکانی دیکەمان، هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن، کە ئەم زانکۆیانە بۆیان دەرەخسێنن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زانست و فێربوونەوە توانەکانیان بەرز بکەنەوە، تاوەکوو بتوانن کاریگەرتر خزمەتی کوردستان و نیشتمانەکەیان بکەن و نموونەیەکی گەش و باڵای پاشەڕۆژی کۆمەڵگەکەمان بن.
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
میوانانی هێژا
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی بەشدارم.
كردنەوەی ئەم زانكۆیە، كردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانكۆكانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی كوردستان. ئەم هەنگاوەش كاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەمانكاتدا زەمینەیەكی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بوارەكانی كەلتووری و زانستی و ئابووری.
وڵاتەكەمان لە ڕووی سەرچاوەی مرۆڤی دەوڵەمەندە و كۆمەڵگەیەكی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكانمان بكەین و پێیان بگەیەنین، تاكوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان بەشدار بن.
یەكێك لە ڕێگاكانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناكانیشیان، پێگەیاندنیانە لە ڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە، بۆیە بە كردنەوەی هەر زانكۆیەكی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەكی گەشتر زیاتر دەبێت.
لەو بڕوایەدام ئەم زانكۆیەش كاریگەریی و جێدەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی كارامە دیار دەبێت و دەرچوانی ئەم زانكۆیە، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵاتدا دەبیننەوە.
لێرەدا دەرفەتە كە باس لە گرنگیی توێژینەوە و ریسێرچە زانستییەكان بكەم. توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان كاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان بۆ دانانی پلان و بەرنامەكانمان بۆ داهاتوو. لەو كاتەی كە بەرپرسیارێتیی سەرۆكایەتیی ئەم كابینەیەم وەرگرتووە، هەستم بە كەموكووڕی كردووە كە لە زۆر بواردا لێكۆڵینەوە و زانیاری و داتای ورد لەبەردەست نییە. بۆیە دەبێ زانكۆكانمان لەم ڕووەوە هاوكارمان بن. پێویستە زانكۆكانمان بناخەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن تاكوو لە بوارە جیاجیاكانی پێویست وەكوو كشتوكاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و كەشوهەوا لێكۆڵینەوەی هاوبەش بكەن. زانكۆكانی بەریتانیاش لەم ڕووەوە ئەزموونێكی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانكۆیەش دەتوانێت پردێكی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە.
بەر لەوەی بێینە ئێرە، بەردی بناخەی پۆندێكمان هەر لەناو سنووری ئەم زانكۆیە دانا، ڕووبەرێكی زۆری ئەم زانكۆیەش بۆ سەوزایی تەرخان كراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە. ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشییە و نیشانەی ئەوەیە كە بەڕێوەبەرانی ئەم زانكۆیە لە خەمی ژینگەپارێزیدان و بەپێی توانا و بەرپرسیارێتیی خۆیان، كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن.
هیوادارم هەموو زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانمان ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ ئاڵنگارییە ژینگەییەكان بگێڕن، ئومێدەوارم قوتابیانی ئازیزمان لەم زانكۆ و گشت زانكۆكانی دیكەمان هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە ئەم زانكۆیانە بۆیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی لە ڕێی زانست و فێربوونەوە تواناكانیان بەرز بكەنەوە، تاكو بتوانن كاریگەرتر خزمەتی كوردستان و نیشتمانەكەیان بكەن و نموونەیەكی گەش و باڵای پاشەڕۆژی كۆمەڵگەكەمان بن.
لێرەدا پاڵپشتیی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم زانكۆیە دووپات دەكەمەوە و جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.