مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسانی ئەمەریكی و ئەورووپی ئاشكرای دەكەن، ئێران مووشەكی بالستیكی كورت مەودای بۆ ڕووسیا ناردووە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی، لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و ئەورووپی بڵاوی كردەوە، سەرەڕای هۆشداری توندی ڕۆژئاوا بۆ تاران، كەچی ئێران مووشەكی بالستیكی كورت مەودای بۆ ڕووسیا ناردووە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاشكرایان كردووە، ئێران پێشتر فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی گەیاندووەتە ڕووسیا، كە لە شەڕی دژی ئۆكراینادا بەكاری دەهێنێت، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی تەقەمەنی و مووشەك كە كۆریای باكوور دابینی كردووە.
دەشڵێن “گەیاندنی سەدان مووشەكی بالستیكی كورت مەودا لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا ڕەنگە ببێتە ڕێگر لەبەردەم هیواكانی حكومەتی نوێی ئێران بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ ڕۆژئاوا.
لای خۆیەوە، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك دوێنێ هەینی ڕەتی كردەوە هاوكاری ڕووسیای كردبێت و ڕایگەیاند “هەڵوێستی تاران بەرامبەر بە ململانێی ئۆكراینا نەگۆڕاوە،”
هاوكات پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی بۆ ئەو دوو لایەنەی بەشدارن لە ململانێكان بە نا مرۆڤانە ناو دەبات و دەڵێ “هاوكارییەكان دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانیی مرۆیی و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و دووركەوتنەوە لە دانوستانەكانی ئاگربەست، بۆیە ئێران نەك هەر بەشداری لەم جۆرە كارانەدا ناكات، بەڵكوو داوا لە وڵاتانی دیكەش دەكات كە واز لە دابینكردنی چەك بۆ هەر لایەنێكی ململانێكان بهێنن.”