مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە تۆمەتی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خۆ دزینەوە لە باجی دەوڵەت و هەڵگرتنی چەك و كاری سێكسی، كوڕە گەورەكەی بایدین ڕاپێچی دادگا دەكرێت.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ئەمەریكا، هەنتەر بایدن بە تۆمەتی ئالوودەبوون و چەك هەڵگرتن و خۆ دزینەوە لە پێدانی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار باج ڕاپێچی بەردەم دادگا دەكرێت .
میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرای دەكەن هەنتەر سەرەڕای وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار لە دامەزراوە بازرگانییە بیانییەكان، كەچی خۆی دزیوەتەوە لە پێدانی باج بە دەوڵەت.
سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی لەلایەن دادگای فیدراڵی، كە خۆیان بە دوور بگرن لە باسكردنی هەنتەر بە ماددە هۆشبەرەكان و قسەی زیاتریان لەسەر خۆ دزینەوە بێت لە باج، كەچی هەر دوو پارێزەرەكەی هەنتەر دەڵێن “هەنتەر بەهۆی ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەرەكان، ئەم كارەی ئەنجام داوە و بە مەبەست نەبووە.”
كوڕە گەورەكەی سەرۆكی ئەمەریكا كە تەمەنی 54 ساڵە، جگە لە خۆدزینەوە لە باج و ئالوودە بوون، ژمارەیەكی تۆمەتی تریشی خراوەتە پاڵ بە تایبەت هەڵگرتنی چەك و كاری سێكسی .