مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی پیاوێكی بە جلوبەرگی ژنانە ڕاگەیاند كە تۆمەتبار بووە بە سپی كردنەوەی بڕی 35 ملیار دیناری عێراقی .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، شەوی ڕابردوو ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕاگەیاند “تۆمەتبار (ع ، س، ع ) لە شاری بەغدا بە تۆمەتی سپی كردنەوەی بڕی 35 ملیار دیناری عێراقی و ساختەكردنی چەكی بانكی و چەند فەرمانێكی دیكەی گرتنی هەبووە و لە كاتی بردنی بۆ دادگا لەگەڵ ئەفسەرێكی پۆلیس هەماهەنگی كردووە و بەر لەوەی بگاتە دادگا هەڵاتووە.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی ئاسایش باس لەوەش كراوە تۆمەتبار دوای هەڵهاتنی لە بەغدا خۆی گەیاندووتە شاری هەولێر و دەشڵێت “دوای ماوەیەكی كەم و بە ڕێگای پەیوەندییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانییان شوێنی تۆمەتبار ئاشكرا بكەین و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیری بكەین.”
ئاسایشی هەولێر، ئەوەشی خستەروو كە تۆمەتبار هەوڵی داوە بەجل و بەرگی ئافرەتانەوە لەشاری هەولێرەوە هەڵبێت.