زارى کرمانجى-سۆران:
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان و دامودەزگە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی و هاوكاریی لۆجستیی پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕادەسپێرێت.
لە نووسراوێكی فەرمیدا لە ڕێكەوتی 3 ی ئەیلوولی 2024، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، كە بە ئیمزای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەی گشت وەزارەتەكان كراوە، تێدا هاتووە، ”پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 127 ی خۆی لە 21 ی ئابی 2024، بە ئاماژەدان بە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان ئاسانكاریی لۆجستی پێشكەش بە كۆمسیۆن بكەن؛ لە پێناو سەرخستنی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات دەكاتەوە و جەخت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كەشێكی ئارامدا دەكاتەوە.
لە نووسراوەكەدا، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە ڕاسپێردراوە، هەفتەیەك بەر لە هەڵبژاردن، قوتابخانەكان بە مەبەستی بەكارهێنانیان بۆ پرۆسەی دەنگدان ئامادە بكات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی بینا و كەلوپەلی قوتابخانەكان.
وا بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی تشرینی یەكەمی 2024، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەكە ڕاگەیاندووە.
































































