وەرزش – زاری کرمانجی:
لە یاریی گەڕی یەکەمی یانەی سۆران لە خولی نایاب، سۆران چەکێکی کاریگەری لەدەستدا و گۆڵپارێزە نایابەکەی یانەکە تووشی پێکان بوو.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو 14 ی ئۆکتۆبەر، لە یاریی نێوان هەندرێن و سۆران، بە دیاریکراووی لە خولەکی 60 گەیلان سادق تووشی پێکان بوو بەو هۆیەوە یاریگەی جێهێشت.
ڕۆژی دواتر پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجام درا، و دەرکەوت لە ئەژنۆیدا پێکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکە، گەیلان بۆ ماوەیەکی درێژ لە یانەکەی دادەبڕێت و بە لایەنی کەمەوە ناتوانێت تا قۆناخی دووەمی خولەکە بگەڕێتەوە نێو لاکێشەی سەوز.
گەیلان سادق، لە ساتی دەرکەوتنیەوە تا ئێستا گۆڵپارێزی یانەی سۆران ە و ڕۆڵی کاریگەری لە ئەنجامەکانی یانەکە هەبووە، و دوورکەوتنەوەی کاریگەری نێگەتیڤ دەخاتە سەر ئاستی تیمەکە.