دوای سكاڵای هاووڵاتییان لە خراپی كواڵێتی بەشە برنجی مانگی 6ی ئەمساڵ كە بەسەر هاووڵاتییان دابەشكراوە، دەركەوت بۆ خواردن شیاو نییە، بەڵام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشكراوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم دوێنی بە كەناڵەكانی راگەیاندنی گووتووە ” لە بەشەخۆراكی مانگی 6 كە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت، بەغدا لە دوای پشكنین جۆرە برنجێكی بۆ هەرێمی كوردستان ناردبوو كە شیاوی خواردن نەبوو”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم زیاترروونی كردۆتەوە” برنجەكە پشكنینی بۆ كرابوو لە رووی تەندروستییەوە كێشەی نەبوو، بەڵام شیاوی خواردن نەبوو، چونكە بۆنی دەهات، دوای ئەوەی لەوە دڵنیابووینەوە بۆ خواردن كەڵكی نییە، هەموو ئەو برنجەی كە لەو جۆرە ئۆرگواییە بوو رەوانەی بەغدامان كردووە بۆ ئەوەی بۆمان بگۆڕن بە برنجی جۆری تر”.
“سەرجەم بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكمان ئاگادار كردەوە ئەو جۆرە برنجە دابەش نەكەن، چونكە بۆ خواردن گونجاو نییە”نەوزاد شێخ كامیل وایگووتووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەم جۆرە برنجە دابەشكراوە، بەشێك لە هاووڵاتییان فرۆشتوویانەتەوە، بەڵام بەشێكی بەرچاوی هاووڵاتییان لە ناچاری وەریانگرتووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی هیچ هاووڵاتییەك سكالای لەسەر خراپی كواڵێتی برنج نەبووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە هاووڵاتییان بەشە خۆراكیان وەرگرتووە و لە كاتی بەكار هێنانی برنجە هەستیان بە بۆنی ناخۆشی برنجەكە كردووە و لە سەرەتاوە پییان نەزانیوە كە ئەم برنجە بۆ خواردن شیاو نییە .