زاری كرمانجی
فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەیەكەوە لە پەرلەمانی عێراق، پەیامێكیان بڵاو كردەوە و دەڵێن، لە هەڵوێستی هەندێك لە فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكان لەناو ئەنجوومەن بێزارن، كە بە ئەنقەست رێگریی دەكەن لە تێپەڕاندن و پەسندكردنی (پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
لە راگەیەنراوێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا هاتووە، ئێمەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بێزاری و رەخنەی توندی خۆمان دەردەبڕین، لە هەڵوێستی هەندێك لە فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەن، جێی داخە بە ئەنقەست رێگری دەكەن لە تێپەڕاندن و پەسندكردنی (پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە).
باس لەوەش كراوە، ئەو پڕۆژەیاسایە ریزبەند كرابوو لە خشتەی كارەكانی دانیشتنی ئەمڕۆ بڕگەی یەكەم، ئەو یاسایە لە حاڵەتی دەنگدان لەسەری، ماف بۆ ئەو كەسانە دەگێڕێتەوە زیانمەند بوون و ناڵاندوویانە بەدەست سیاسەتی سەركوتكاری و راگواستن لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتدا، پڕۆژەیاساكەش چەندان ناوچەی عێراق دەگرێتەوە، نادادی لەسەر ستەملێكراوان لادەبات و موڵكەكانیان بۆ دەگێڕێتەوە كە لە سەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە كۆتایی پەیامی فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا هاتووە، بۆیە داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هاوبەشەكانمان دەكەین لە نیشتمان، لەگەڵمابن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە، لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و كۆتاهێنان بە زیانمەندبوونی ئەو هاووڵاتییانەی قوربانیی سیاسەتەكانی رژێمی لەناوچوون، لە پێناو گرەنتیكردنی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتیش، بەتایبەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.