مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چەند گەنجێكی تورك بە دروشمی (ئەمریكی، بڕۆ ماڵەوە) سەربازێكی ئەمەریكی دەستگیردەكەن و دواتر كیسە دەكەنە سەری .
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 2ی ئەیلوولی 2024، لە شاری ئیزمیری توركیا، گرووپێك لە گەنجانی سەر بە یەكێتیی لاوانی توركیا سەر بە پارتی نەتەوەیی، هێرشیان كردە سەر چەند سەربازێكی ئەمەریكی، كە ڕۆژی پێشتر دوای مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش لەگەڵ كەشتییە هێرشبەرەكانی توركیا، كەشتییەكەیان لە جۆری USS Wasp لە دەریای ناوەڕاست بە مەبەستی پشوودان لە ئیزمیر لەنگەری گرتبوو.
لە هێرشەكەدا، ئەندامانی یەكێتیی لاوانی توركی سەربازێكی ئەمریكی دەگرن و كیسە دەكەنە سەری و دواتریش لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی دەكەنەوە .
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە لە ڕاگەیاندراوێكدا هەواڵی ( هێرشكردن و ئازاردان و سووكایەتیكردن ) بە سەربازانی پشتڕاست كردەوە و ڕاگەیاند “چاویان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و بڕیاری دادگایە.”
هاوكات پارێزگای ئیزمیر دەستگیركردنی 15 ئەندامی یەكێتیی لاوانی توركیای ڕاگەیاند كە سووكایەتییان بە سەربازانی ئەمریكیی كردبوو و دەشڵێت “بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوان ڕەوانەی گرتووخانە كران بە مەبەستی لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵیان.”