زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی زیاتر لە هەزار شوێنی شوێنەواری لە سنووری ئیدارەی سۆران بوونیان هەیە، ئەم شوێنەش كە كاری كنەو پشكنینیان تیدا ئەنجام دەدرێت ئەشكەوتی شانەدەر هەروەها شوێنەواری گردە دەشتە، بڕیارە شوێنەوارناسە جیهانییەكان لەم مانگە بگەڕێنەوە بۆ كنەو پشكنین لەم ناوچە شوێنەوارانە.
د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: ” شوێنەواری گردەدەشت دەكەوێتە دەشتی دێڵزیان لە سنووری ناحیەی دیانا سەر بە قەزای ناوەندی سۆران، شوێنەكە هاوشێوەی گردێكی دەستكرد هەڵكەوتووە و ڕووبەرێكی فراوانی هەیە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو لەمساڵانی ڕابردوو كاری كنەو پشكنین لەم گردە شوێنەوارییە كراوەو ئەنجامی باشی هەبووە”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” دوای ئەنجامدانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بە هەماهەنگیی تیمەكانی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ماوەی چەند ساڵە شوێنەوارناسە جیهانییەكان كاری كنە و پشكنین لە گردە دەشت و ئەشكەوتی شانەدەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدەن، بەپێی گرێبەستەكە بڕیارە لەم مانگەدا جارێكی دیكە شوێنەوارناسەكان لە ئەڵمانیا بگەڕێنەوەو بەهەماهەنگی نێوانمان كاری هەڵگۆڵین لەم شوێنە شوێنەوارییانە بەردەوام بێت”.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، دەشڵێت: ” پێویستە ئەم پارچە گۆزەو كەرستە شوێنەوارییانەی لە سنوورەكەمان دەدۆزرێنەوە، لە مۆزەخانەیەك كۆبكرێنەوەو پارێزگاریان لێبكرێت، كە تا ئێستا سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی دۆزراونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە داوامان لە هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووەو وەعدی ئەوەی داوە كە داواكاری ئاراستەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بكات، بۆ ئەوەی مۆزەخانەیەكی شوێنەواری و كولتووری لە سنوورەكەمان بكرێتەوە، كە بڕیارە لەماوەی داهاتوو وەزیر سەردانی ئیدارەی سۆران بكات.
































































