مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی ڕێكخراوی CPTـى ئەمریكی، شەوی ڕابردوو فڕۆكەی جەنگییەكانی توركیا، 24 جار بۆردوومانی هەرێمی كوردستانی كردووە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی CPT هاتووە “شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە و چیای حەوت تەبەق، گوندەكانی كەفنە مژێ، سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی و چیای كتكین و خواكورك لە قەزای سیدەكان و چیای كۆخە و شاخی تاڵە لە سنووری قەزای چۆمان و دەوروبەری گوندی قەڵاتوكان لە سنووری قەزای پشدەر و هەواری ڕەوەندەكانی گوندی كوێرەكانی و چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان كردووە.”
هاوكات وەزارەتی بەرگریی توركیا لەمبارەیەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و باس لەوە دەكات كە لە چەند ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانییدا لە ناوچەكانی مەتینا، زاپ، گارا، خواكورك، قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی كوردستان، 20 ئامانج كە پێكهاتوون لە ئەشكەوت، حەشارگە، پەناگە و كۆگا لەناوبران .