مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای قەدەخە كردنی دەنگی ژنان لە شوێنە گشتییەكان لەلایەن حكومەتی تاڵیبان، ژنانی ئەفغانستان بە گوتنەوەی گۆرانی بڕیارەكە ڕەت دەكەنەوە.
تاڵیبان كۆمەڵێك یاسای توندی لەژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی خراپكاریی و بەرەوپێشبردنی فەزیلەت” دەركرد كە پێك دێت لە 25 ماددە، یەكێك لە یاساكان قەدەخەكردنی دەنگی ژنانە لە شوێنە گشتییەكان، بە گوێڕەی یاساكە ژنان نابێت گۆرانی بڵێن یان بە دەنگی بەرز لە شوێنە گشتییەكان بخوێننەوە.
ئەم بڕیارەش كاردانەوەی كچان و ژنانی ئەفغانستانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە گوتنەوەی گۆرانی و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بڕیارەكەی تاڵیبان ڕەت دەكەنەوە.
یەكێك لەو ئافرەتانەی كە بە ڕوخسارێكی تەواو داپۆشراوە لە ڤیدیۆیەك دەردەكەوێت دەڵێ “هیچ سیستەمێك ناتوانێت دەمی ژنانی ئەفغانی دابخات.” یەكێكی تریش دەڵێ :”بە تاوانی ژن بوونم لە ماڵەكەم زیندانیتان كردووم و ئێستاش دەتانەوێت بە تەواوی بێ دەنگیشم بكەن.”