”ئەگەر بایۆمەترى نەکەن مووچەکانیان ڕادەگیرێت”
بەختیار سەباح -سۆران:
بەرپرسێکی حکوومی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاگادار دەکاتەوە، کە کۆدی بایۆمەترییان نییە سەردانیان بکەن، بە پێچەوانەوە مووچەکانیان ڕادەگیرێت.
یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: “پرۆسەی بایۆمەتری بۆ گشت ئەو کەمئەندامانە دەکرێت، کە بایۆمەترییان نەکردووە، چونکە ئەوەی بایۆمەتری نەبێ مووچەکەی ڕادەگیرێت.”
ئاماژەی بەوەشکردووە ” لەگەڵ کەمئەندامان، بایۆمەتری بۆ شەهیدان و خانەنشینانیش دەکرێت، بۆ ئەوەی لە بانکەکان قەرەباڵغی دروست نەبێت، ئێمە ناچارین ڕۆژانە کەمتر خەڵک بنێرینە بانکەکان.”
بڕیاری بایۆمەتری بۆ کەمئەندامان لەسەر ڕاسپاردەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها جەختى لەوەشکردەوە، ئەوانەی بایۆمەترییان نییە دەبێت سەردانیان بکەن و مامەڵەکانیان بۆ ڕێک دەخرێت و دەنێردرێنە بانکەکان
لە پڕۆسەی بایۆمەتریی کەمئەندامان، پێویستە کەسەکان خۆیان ئامادە بن و کارتی نیشتمانی و ناسنامەی کەمئەندامییان پێ بێت. ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی هیچ مووچەیەكی دیكەیان نییە، 150 هەزار دیناریان پێ دەدرێت، ئەوانەی خانەنشینشن، یان میراتگری شەهیدانن، مووچەیان 100 هەزار دینارە.
زیاتر لە 76 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەكانیان لەسەر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە و بەشێکیان بایۆمەترییان نەکردووە.