”زیاتر لە ٤٠ ساڵە مەترسییەکى گەورە بوو لەسەر گیانى هاووڵاتییان”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
لە سنوورى قەزاى چۆمان، لە ماوەى ٣٥ رۆژدا کێڵگەمینێکى مەترسیدار لە مین و تەقەمەنى پاککرایەوەو لە دوو رۆژى داهاتوو کارکردن لە کێڵگە مینەکە تەواو دەبێت.
عەلى عەبدوڵرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى مین/ هەولێر بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە سنووری قەزای چۆمان، کێلگەمینی مارێن بە یارمەتی رێکخراوی ITF ی سلۆڤینیا، لە ماوەی ٣٥ رۆژی کارکردنی هاوبەش لە نێوان تیمی میکانیکەل و تیمی مینلابەری دەستی، گەیشتە قۆناغی کۆتایی و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کارکردن لە کێڵگە مینەکە تەواو دەبێت”.
گووتیشى: ”ئەم کێلگە مینە لە تەنیشت شوێنی نیشتەجێبوونی جووتیاران و ئاژەڵداران بوو، ڕووبەرەکەی ( ٢٦٢٣٥ ) مەتر دووجا بوو، ١٣٢ مینی دژەکەسی و ٨ پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لێ دۆزرانەوە، شوێنەکە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بوو مەترسییەکى گەورە بوو لەسەر هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەکە، لەو کێڵگە مینە چەندین کەس بوونەتە قوربانی و چەندەها سەر ئاژەڵیش لەناوچوون ”.
ئاماژەى بەوەشکرد، کەس نەیدەتوانی ئەم زەوییە بۆ هیچ مەبەستێک بەکاربێنێت و خەڵکی دەورووبەری هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێ بوون، بە پاککردنەوەی ئەم کێلگە مینە خزمەتێکی گەورە بە ناوچەکە کرا.
