مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چەند پارێزەرێكی ئیدارەی سۆران، سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت تۆمار دەكەن و داوا لە هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆرانیش دەكەن هاوكاریان بكەن.
پارێزەر دانەر عەزیز لەبارەی سكاڵاكەیانەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لەگەڵ دوو پارێزەری تری هاوڕێم، بریكاریەتی 102 هاووڵاتی لە هەر پێنج قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان وەرگرتووە، بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوت، بە هۆی ئەو جیاوازییەیی كە لە نرخی نەوتی سپی دا هەیە لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگاكانی تری عێراق، واتە ئەو بەشە نەوتەی لە لایەن حكومەتی عێراقەوە دەدرێتە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نرخەكەی زۆر زیاترە بە بەراورد بە شارەكانی تری عێراق، بۆ نموونە نرخی یەك لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاكانی عێراق بە 150 دینارە، كەچی ئەوەی هەرێمی كوردستان لیتری 500 دینارە . ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و یەكسانی تێدا نییە.”
دەشڵێت “ئەمڕۆ 1ی ئەیلوول سكاڵاكەمان بەرز كردەوە لە دادگای فیدراڵی و داوامان كرد ئەو بڕیارانەی تەعدیدی نرخی نەوتیان كردووە، بڕیار بدرێت بە نادەستووری بوونیان و حكومەتی فیدراڵیش ناچار بكرێت نەوت بە هەمان نرخی شارەكانی عێراق بدرێتە هاووڵاتییانی شارەكانی هەرێم.”
ئاشكراشی دەكات “داواكەمان تۆمار كرد، بە پێی یاسای دادگای فیدراڵی، پێ ڕاگەیاندن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران چونكە سكاڵامان لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتمان تۆمار كردووە، تەبلیغیان بۆ دەڕوات، كە وەڵامیان دایەوە ئەو كات ڕۆژی داد بینی دیاری دەكرێت و لە هەموو حاڵەتێك نابیت لە 15 ڕۆژ زیاتر بێت.”
دانەری پارێزەر لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە داوایەك ئاراستە هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران دەكات و دەڵێ “داوا لە هاووڵاتییان دەكەین سەردانمان بكەن و بریكارنامە بدەن بۆ ئهوهى داخلیان بكەین تا لەو ڕێگاوە ئەوانیش داوای مافی خۆیان بكەن و ڕێژەكەش لەوە زیاتر بێت، چونكە كاریگەری زیاتر دەبێت.”