زاری كرمانجی-سۆران:
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەتایبەتی ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە، کۆتا شەپۆلی گەرما ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی ڕاگەیاند، له ڕوانگهی كهشناسی و فهلهكیشەوە 22ـی ئەیلولی 2024، یهكهم رۆژی وهرزی پایزه، گوتیشی: پێشبینی دەکرێت تاوەکو ئەوکات پلەکانی گەرما بەرزە.
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەم لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەتایبەتی ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە، کۆتا شەپۆلی گەرما ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، کە پلەکانی گەرما چەند پلەیەک بەرزبێتەوە، کە لە گەرمیان پلەکانی گەرما دەگاتە 48 پلەی سیلیزی، کە ئەمە کۆتا شەپۆلی گەرمایە کە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت: تاوەکو 15ـی 10، لە هەرێمی کوردستان، هەست بە بەرزی پلەکانی گەرما دەکرێت، چونکە شێیەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها ئەو بارانەی ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی دەبارێت یەکێکی دیکەیە لەو هۆیانەی ناوچەکەمان شێدار بووە.
باسی لەوەش کرد، لە دوای 22ـی 9 ئەو گەرما تاقەت پڕوکێنەی هەیە کەم دەبێتەوە، هەروەها لەشەواندا کەشوهەوا فێنک دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە پسپۆڕانی کەشناسی عێراقی دەڵێن، لەگەڵ دەست پێ کردنی وەرزی پاییزدا پلەی گەرما دەست بە دابەزین دەکات و کەش و هەوا لە شەو و بەیانیانی زوودا مامناوەند دەبێت.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان 37 بۆ 40 پلەی سیلیزی بێت و لە بەغدا و ناوەڕاست 41 پلەی سیلیزی بێت و لە باشوور 44 پلەی سیلیزی بێت.
هەر بەگوێرەی پێشبینەکانی کەشناسی عێراق، یەکەم حاڵەتی بارانی پاییزە لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا ڕوو لە عێراق دەکات.