وەرزش ـ زاری کرمانجی:
رۆژی پێنج شەممە 20 ـی مانگ لەسەر یاریگەی دێڵزیان، سۆران میوانداری یەکێک لەئامادەترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولی نایاب دەکات، ئەویش یانەی دەربەندیخان ـە، کە ئەم وەرزە بەئامانجی بەدەستهێنانی نازناو هاتوەتە نێو کێبڕکێ. سۆران، لەگەڕی رابردوو تووشی گەورەترین شکست بوو، دوای ئەوەی 4-0 بەهەندرێن ـی دووەمی وەشانی رابردوو دۆڕا، دەربەندیخان ـیش لەنێو یاریگەی 2-0 خۆی لەبرایەتی پاڵەوانی جام و سوپەری بردەوە. ئەم یارییە بۆ کوڕانی سۆران چارەنووساز دەبێت، بەوەی دژی رکابەرێکی قوورس دەبێ شەڕی قەرەبوو کردنەوەی شکستی گەڕی یەکەم بکەنەوە. هاوکات بەبێ چەکێکی کاریگەر دەچنە نێو ئەم یارییە ئەویش پێکانی گۆڵپارێزی یانەکە گەیلان سادق ـە، کە لەیاریی رابردوو بەهۆی پێکان دابڕا.