مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شەیما ڕامێشك، كچێكی تەمەن 14 ساڵەی خەڵكی بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی هاوسەرگیری پێشوەختە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا .
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “شەیما لە تەمەنی 13 ساڵان، بە گوشاری بنەماڵەكەی ناچار بە قبووڵكردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ هاوژینە گەورە ساڵانەكەی بە ناوی مەنسوور جەگەن كراوە.”
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “ڕۆژی چوارشەممە، شەیما لە نێو ماڵی هاوسەرەكەی لە گوندی مەرجاناوێ سەر بە شاری میاندواو خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و ڕۆژی هەینی دوای 48 كاتژمێر مانەوەی تەرمەكەی لە پزیشكی داد، ڕادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.”
لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پرسی هاوسەرگیریی منداڵان، سەرەڕای دژایەتیی كۆمەڵایەتی و چالاكوانانی مافی مرۆڤ، بەردەوامی هەیە و ساڵانە چەندین كچ بەو هۆیەوە كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن .