زاری كرمانجی-سۆران:
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم، گوتی: سەرۆكی حكوومەت پاڵپشتێكی گەورە بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە چوار ساڵی ڕابردوودا چل و سێ هەزار وانەبێژ بە هەمیشەیی و گرێبەست كراون.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بڕیاری سەرۆكوەزیرانی كوردستان، بۆ بە گرێبەستكردنی وانەبێژان نەك تەنیا بڕیارێكی بوێر و ئازایانە بوو، بەڵكو مێژوویی و گرنگ بوو، لەو كابینەیەدا لە ساڵی 2020 پێنج هەزار و هەشتا و هەشت مامۆستای گرێبەست بوونە هەمیشەیی، واتە بەس لە كابینەی نۆیەم نزیكەی چل و سێ هەزار مامۆستا بە هەمیشەیی و گرێبەست كراون.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاشكراشی كرد: سەرۆكی حكوومەت زۆر بەڕێزەوە لە ڕۆلی مامۆستایان دەڕوانێت هەمیشە ڕۆل و پێزانینی هەبووە و پاڵپشتێكی گەورەش بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، پرۆسەی پەروەردە پرۆسەیەكی گشتگیر و فراوانە نزیكەی ملیۆنێك و هەشت سەد و پێنج هەزار قوتابیمان هەیە جگە لەوەی نزیكەی شەش هەزار و هەشتا و پێنج قوتابخانە هەن، گرنگی زۆر دراوە بە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكان، تا ئێستا بە سەدان باڵەخانەی نوێ دروست كراون و نزیكەی هەزار و حەوت سەد و پێنج باڵەخانە و باخچەی ساوایان نۆژەنكراونەتەوە.