زارى کرمانجى-سۆران:
وەزارەتی دارایی گەنجینەکانی ئاگادار کردەوە، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، هاوتای مووچەی خانەشینانی عێراق دەدرێت.
بەڕێوەبەرێکى گەنجینە ڕایگەیاندووە “وەزارەتی دارايی ئاگاداریان کردینەوە، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بە هاوتای مووچەی خانەنشینانی بەغدا دەدرێت، بۆیە فەرمانگەکانی خانەنشینمان ئاگادار کردەوە و ئێستا خەریکی وردبینیکردنی لیستی مانگی حەوتی خانەنشینین.”
بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە.
ئاماژەى بەوەشکردووە:”پێشتر لیستی هاوتاکردنی خانەنشینان ئامادە کراوە، بەڵام ئەو لیستەی کە بە (دەفع) مووچەکەی پێ وەردەگیرێت لە گەنجینەکانە، ئێستا ئەو دەفع و تەمویلە دەگۆڕێت و ڕێژەکە زیاد ئەکات.”
کەمترین مووچەی خانەنشینی لە عێراق 500 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لە هەرێمی کوردستان 220 بۆ 230 هەزار دینارە.
زیاتر لە 247 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە لە حكوومەتی هەرێمی كورستان وەردەگرن.