مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی بڵاوی كردەوە دوای ڕووداوی خستنە خوارەوەی درۆنەكەی توركیا لە سنووری كەركووك، سەرۆكوەزیرانی عێراق، فەرماندەیەكی سەربازیی عێراقی بانگێشتی بەغدا كردووە .
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ناوبراو هاتووە “بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەممودی، جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق لە ناوچەی باكوور بانگهێشتی بەغدا كراوە.”
پێشتر لە كاتی خستنە خوارەوەی درۆنەكە، عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەممودی قسەی بۆ میدیاكانی عێراقی كرد و ڕاگەیاند “بە فەرمانی سەرووی خۆمان، درۆنێكی توركیا دوای ئەوەی ئاسمانی كەركووكی بەزاند، خستمانە خوارەوە.”
ڕۆژی 29ی ئابی 2024 لە ناوچەی چیمەن لە نزیك كەركووك، سوپای عێراق بە ئاراستەكردنی چوار مووشەك درۆنە توركییەكەی كە لە جۆری (تای ئاكسونگور) بوو خستە خوارەوە و نرخی ئەم درۆنەش لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلارە .