“یاریگەیەكی نێودەوڵەتی لە سۆران دروست دەكەین”
زاری كرمانجی-سۆران:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: سەرۆكی حكوومەت هاوكاری و پاڵپشتییەكی ڕاستەوخۆی وەرزشوانانە لە ئیدارەی سۆران، یاریگەیەكی نێودەوڵەتی لە سۆران دروست دەكرێت، لە قەزاكانیش یاریگە دروست دەكەین، ئەوەی ڕواندز لە تەواو بووندایە، لە سیدەكان دەست پێ دەكەین، ئەوەی سنووری قەزای مێرگەسۆریش كە هەیە نۆژەن دەكەینەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: هیچ بابەتێك وەكو بابەتی وەرزشی گوڕوتین بە شار نادات، هەر لە سەرەتاوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام گرنگیمان بە بابەتی وەرزشی داوە، هەر كەسێك، یان تیپێك بەرنامەی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت خولێك بكاتەوە پشتگیری و پاڵپشتیمان كردووە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: ئەوەی ئێستا بەرنامەمان بۆ داناوە، ستراتیژییەتی وەرزش لە ئیدارەی سۆران بچێتە قۆناغێكی دیكەوە، بەدروستكردنی یاریگەیەكی نێودەوڵەتی ئێستا لە بەرنامەی ئێمەدایە، لە ناوچەی ئێمەش زۆر گەنج هەن خولیای وەرزشن، لێرەوە دەمەوێت سوپاسی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت بكەم كە هاوكاری و پاڵپشتییەكی ڕاستەوخۆی بۆ وەرزشوانان لە ئیدارەی سۆران داوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو بەرنامە و پلانەمان هەیە كە یاریگەی پێویست لە قەزاكان دروست بكەین، ئەوەی ڕواندز لە تەواو بووندایە، لە سیدەكان دەست پێ دەكەین، ئەوەی سنووری قەزای مێرگەسۆریش كە هەیە نۆژەن دەكەینەوە.