مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان ناسراو بە لاهای، داوای لە دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا كردووە هەر كاتێك سەرۆكی ڕووسیا سەردانی ئەو وڵاتەی كرد دەستگیری بكەن.
كەناڵی (بی بی سی) بەریتانی بڵاوی كردەوە كە دادگای لاهای داوای لە وڵاتی مەنگۆلیا كردووە ڕۆژی سێشەممە پووتینیان بۆ دەستگیر بكەن.
داواكارییەكەی دادگای ناوبراو، لەدوای ئەوە دێت كە كۆشكی كریملین ڕاگەیاند “ڕۆژی سێشەممە ڤلادیمیر پووتین-ی سەرۆكی ڕووسیا لەسەر بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا سەردانی ئەو وڵاتە دەكات.”
مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو، دادگای لاهای بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شەڕی ئۆكراینا، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرۆكی ڕووسیا دەركرد.
گوتەبێژی دادگای لاهای ڕاگەیاند فەرمانی دەستگیركردنی پۆتین لە 124 وڵاتی ئەندامی دادگاكە هەیە .