“بەناوی سەنتەری جوانکاری هەڕەشەیان لە ئافرەتان کردووە”
دەستگیر کردنی دوو تۆمەتبار کە بەناوی سەنتەری جوانکاری هەڕەشەیان بۆسەر ژیانی چەند ئافرەتێک دروست کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی زانیاریمان وەرگرت کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بوک هەژمارێک بەشێوەی ساختە دانراوە بەناوی (سەنتەری جوانکاری سام)، وێنەو ڤێدۆی چەند ئافرەتێکی لای خۆی تۆمار کردوەو دواتر هەڵساوە بە هەڕەشەکردن لەو ئافرەتانەو لە بەرامبەر بڵاونەبونەوەی وێنەو ڤیدۆکانیان داوای بڕێکی زۆر پارەیان کردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچون ئەنجام دراو ناسنامەی دوو تۆمەتبارمان ئاشکرا کرد، بەناوەکانی (أ ، ج ، م) و( هـ ، أ ، م) و بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ،بە هەماهەنگی لەگەڵ، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران دەستگیر کران.
زیاتر روونیکردووەتەوە، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم تۆمەتبارانە بەناوی سەنتەرێکی تری جوانکاری هەژماری ساختەیان دروست کردوەو ڤیدۆ و وێنەی ئافرەتانیان تۆمار کردوەو بوونەتە هەڕەشەو مەترسی بۆسەر ژیانیان .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەر بابەتێک کە تایبەتە بە کەسایەتیت بۆ هیچ کەسێکی ڕەوان مەکەن تا مەترسی لەسەر ژیانتان دروست نەبێت.