زارى کرمانجى
سوپای ئیسرائیل كوشتنی بەرپرسێكی گەورەی بزوتنەوەی حەماسی لە كەناری رۆژئاوا راگەیاند، كە لە هێرشێكی ئاسمانیدا لەگەڵ دوو كەسی دیكە كوژران.
سوپای بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا لەشاری جنین-ی ناوچەی كەناری رۆژئاوا، جموجۆڵی شانەیەكی چەكدارییان بەدیكردو لە هێرشێكدا سێ ئەندامی شانە چەكدارییەكەیان كوشت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، یەكێك لە كوژراوەكان، وسام حازم فەرماندەی كەتیبەكانی قەسام-ی باڵی چەكداریی بزوتنەوەی حەماس بووە لە جنین، كە تۆمەتبارە بەئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەی كەناری رۆژئاوا و هێرشكردنە سەر كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی جولەكە لەو ناوچەیە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر جنین و چەند شارێكی دیكەی كەناری رۆژئاوا، تائێستا 19 فەلەستینی شەهید بوون و چەندین كەسی دیكەش بریندار بوون.