سومەیە عەبدوڵقادر – سۆران:
تریفە عەبدوڵفەتاح، كچێكی دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە و رۆژانە و بە پێی دەرفەت سەردانی كتێب فرۆشییەكانی سۆران دەكات، ئەو پێی وایە ” مرۆڤ كاتێك دەستی بە خوێندنەوە كرد، سەرەتاییەكە بۆ ئەوەی خۆی بناسێت”.
هەر چەندە خاوەن كتێبخانەكان دەڵێن خوێنەر زۆر كەم بووە و كم كەس كتێب دەكرن، بەڵام كەسانێكیش هەن كە خوویان بە خوێندنەوەی كتێب گرتووە و رۆژانە كاتی بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكەن، تریفە عەبدوڵفەتاح، نموونەی دەیان كەسی دیكەی دانیشتووی سۆران كە وەك خۆی گووتی خووی بە خوێندنەوە گرتووە و پێیوایە ئەو كەسانەی خوێنەری كتێبن هەستی بەرپرسیارییەتان هەیە، ئەو زیاتر گووتی ” مرۆڤ كاتێك خۆی دەدۆزێتەوە كە دەست بە خوێندنەوە دەكات، لەوێشەوە هەستی بەرپرسیاریەتی لا دروست دەبێت، خوێندنەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی زانیاری لە بارەی ئەو بابەتەی هەڵدەبژێرێت بۆ خوێندنەوە، هەروەها دەبێتە خاوەن كەسایەتی بەهێز و ئەزمووندار”.
هەندێك پەرتووك هەن كە ناوەڕۆكێكی دەوڵەمەندیان هەیە هەر وەك چۆن پەرتووكی وا هەیە، ناوەڕۆكی زۆر بە هێز و قوڵی رۆشنبیری و زانیستی نییە، بۆیە خوێنەرە راستەقینەكان زیاتر بە لای ئەو كتێبانەدا دەچن كە زانیاری ورد و قوڵ و شیكردنەوەی وردیان لە بارەی بابەتێكەوە هەیە، تریفە لەمبارەوە دەڵێت” خوێندنەوەی كتێبی دەوڵەمەند سەرچاوەیەكە بۆ زانستە جیاوازەكان، هەندێ كتێب هەیە شیاون بۆ وەرگرتنی زانیاری ورد و وزە و زیادبوونی هیوا بۆ ژیان”.
ئەگەر چی شارەزایانی بواری كۆمەڵناسی و فەرهەنگی پێیانوایە كە بە هۆی تەكنۆلۆژیا و سۆشیاڵ میدیاوە خوێنەر لە كتیبَ دوور كەوتۆتەوە، بەڵام بە لای تریفە “كتێب بووە بە خۆشەویست و دڵنەوایی”.