ئاڤان قاسم
بەخوێندنەوەی بەرهەمێكی ئەدەبی چی؟ فێردەبیت؟!
جیهانی (ئەدەبی /ئەدەبیات )ئاشنای چەندین ئەزموونی ڕەنگا و ڕەنگ و كارێزماییەكانی ناو چێرۆكەكانمان دەكات.
ئەخلاق /ڕەوشت: چوارچێوەی بیر و ڕەفتار هەڵسوكەوتی مرۆڤە لە كۆمەڵگەدا لەگەڵ یەكتری. لەم چوارچێوەیەدا سنووری ڕاست و ناڕاست و باش و خراپ دیاری دەكرێ.
كەواتە هەر كۆمەڵگەیەك سنوورێكی دیاریكراوی ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە، كە لەسەر بنەمای ئەو سنوورە بابەتەكان هەڵدەسەنگێندرێن.
ئەدەب: گوزارشتكردنە لەسەر ژیان، یاخود لەسەر بەشێكی ژیان بەشێوەیەكی جوان و ڕازاوە.
ئەدەب «بەرلەوەی تێكستێكی نووسراو و ئامادەكراو بێت، گواستنەوەی ڕووداو و چیرۆكەكانی ژیانی مرۆڤە بەشێوەی سەر زارەكی و دەماودەمەوە! ڕاستە ژیانی (مۆدێرن) مانا جیاوازەكانی ئەدەب و ئەركە سەرەكییەكانی ئەدەبی گۆڕی! داهێنانی نووسین و پیتی، چاپ و كاغەز و چاپخانە و شۆڕشی زانیاری و تەكنەلۆژی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پایەكانی ئەدەبیان دەستكاری كرد و بونیادێكی تریان بۆ بەرهەمهێنا، بەڵام هێشتا ئەدەب وەك گێڕانەوە و دەربڕین و پەیوەندیكردن بە ئەوانی ترەوە شوناسی خۆی لەدەست نەداوە و زیندووە!»(پەیڕەو ئەنوەر)
ئەخلاق چۆن؟ خۆی دەخزێنیتە ناو ئەدەبەوە! سەرەتا دەبێت بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، سەیری (ئەزموونی ئەدەبیات، بەرهەمی ئەدەب)ی بكەین بەدرێژایی مێژوو، چونكە بەسەرنج خستنە سەر بەرهەمی ئەدەبی، «ئەدەبیات پەند و ئامۆژگاری فێری مرۆڤ دەكات، ئەدەبیات نموونەگەلی بەرجەستە لەو تایبەتمەندییانەمان نیشان دەدا، كە پەێرەویان لێدەكەین و زۆر شتیشمان پێدەڵێت، كە دەبێ لێیان دووربكەوینەوە.»(گراهام هوف ١٣٦٥.س٣٨) كەواتە ئەدەبیات دەمارێكی پەروەردەی تێدایە.
«هەندیك بەهای ئەخلاقییان بە پێوانەی رەخنە داناوە، هەر شیعر و وتەیەك، كە لەگەڵ حیكمەت و ئەخلاقدا بێتەوە، پەسەندی دەكەن و پێدا هەڵدەڵێن و هەرچیش بە پێچەوانەی ئەخلاق و حیكمەت بێت ڕەتی دەكەنەوە»(عبدالحسین زرین كوب، ٣٨،١٣٨٩)
كەواتە ئەدەبیات گشت ئەو ئەزموونانەی، كە كەسێك لە چێرۆكی ژیانی خۆی دا پێدا تێدەپەڕیووە لەخۆ دەگرێت، ئەمەش وادەكات بەرچاو ڕوونێكی زیاتر بدات بە كەسی خوێنەر و بینەر و بیسەر، لە ڕێگای پەند و ئامۆژگارییەكانەوە، ئەزموونی جۆراوجۆر و هەرواز و نشێوەكانی ژیان بە هەموو ڕەنگەكانیەوە نێشاندەدات و مرۆڤ فێردەكات، لەگەڵیشی ئەزموونمان زیاد دەكات، كاتێك شێتكمان پێدەڵێت واتای ئەو نییە ڕاست و دروست و بێ كەموكورتی بێت، بەڵكۆ مەبەستییەتی ئەزموونمان زیادبكات لە ڕێگای گێڕانەوەی ئەو ئەزموونەكانی بەپێی سەردەم و قۆناغەكانی ژیان، كە بارودۆخی سەردەم دەبێتە عیرف و نەریتێكی باوەی ئەو چەرخەی مرۆڤ تێدا ژینی دەگوزەرێنێ، خۆگونجاندن و پەروەردەكردنی خۆت و نەریتی سەردەمی خۆت و كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبیات و بەرهەمی ئەدەبی، كەواتە بەدڵنیایەكی زۆرەوە دەتوانین بڵێین ئەدەبیات ئەزموونی ئەخلاقی فراوان دەكات.