زاری كرمانجی-سۆران:
ڕۆژی سێشهممه 27ی ئابی 2024، کۆنفرانسی “بەرەوپێشبردنی مافی ئاوارە ناوخۆییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان”، بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئەنجام درا و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
لە بارەی کۆنفرانسەکەوه د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)ی ڕاگەیاندووە و ئامانجی ههماهەنگیی یاسا و سیاسەتە ناوخۆییەکانە لەگەڵ ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەمەش ڕۆڵی هەرێم لە داڕشتنی سیاسەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بەرز دەکاتەوە.
هەر لە بارەی پلانەکەوه د. دیندار زێباری گوتی: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەندین ڕاسپاردەی تایبەت بە پاراستنی مافی ئاوارە و پەنابەران ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، حکومەتی هەرێمیش لە میانەی پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی بەشێکی زۆری ئەم ڕاسپاردانەی جێبەجێکردووە، کە خۆی لە پێشوازیکردن، حەواندنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جیاجیاکاندا دەبینێتەوە. لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی یاسا پەیوەندیدارەکان، ئاوارە و پەنابەران هۆشیاری بەدەست بهێنن و لەبارەی مافەکانیان ئاگاداربنەوە، و دەرفەتەکانی هاوکاری بۆ پشتگیریکردن بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان زیاتر بێت، هەروەها پێویستە هاوبەشی و هاوکاری لە نێوان حکومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکرێت، بۆ دەستنیشانکردنی ڕێکاری تۆکمە بۆ باشترکردنی پاراستن، بەهێزکردن و یەکخستنی ئاوارەکان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: سەبارەت بە ههوڵی داخستنی كهمپهكان لە هەرێمی کوردستان، ئیمە بە پێویستی دەزانین گهڕانهوهی ئاوارهکان ئامادەکاریی پێشوەختەی بۆ بکرێت و بە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکانیان و جێبەجێنەکردنی دادوەریی ڕاگوزەر و قەرەبوونەکردنەوە و بوونی ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە گەڕانەوەیان.
دواتر باسی لە چوارچێوەی یاساییی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارە و پەنابەران کرد و گوتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئاراستەی حکومەتی فیدڕال دەکرێن، بریتییە لە نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران، لەم سۆنگەوە و بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی ستراتیژییەتی نیشتمانی بۆ كۆچ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئامادە کردووە، هەروەها لیژنەیەک پێکهێنراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازان (UNHCR)، بەمەبەستی دەرچوواندنی ڕێنماییەکی تایبەت بە پەنابەران، کە ئاشکرایە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی ئاوارەکانی ناوخۆدا، هەروەها له پارێزگه و ئیداره سهربهخۆكان بهشێك له بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیس كراوهتهوه به ناوی پۆلیسی كاروباری ئاواره و پهنابهران بۆ پاراستنیان، به ههماههنگی لهگهڵ ئاسایش و ڕێکخراوە حکومی و ناحكومییهكان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ئاوارەکان دەکرێن و گوتی: لە ئێستادا هەرێمی کوردستان نزیکەی 862 ههزار و 346 ئاوارەی ناوخۆیی لە باوەش گرتووە، کە بەسەر (22) کەمپدا دابەش بوون، لە پارێزگهی دهۆک (15) کەمپ و هەولێر (6) کەمپ و سلێمانی (1) کەمپ. بەشیکی زۆریش لە ئاوارەکان لە هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێی دەژین.
حکومەتی هەرێم نزیکەی (80٪)ی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران کراوە لە بودجەی خۆی دابینی کردووە، لەبارەی ئەو قوتابییە ئاوارانەی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، (138) قوتابخانە بۆ ئاوارەکان و (54) بۆ پەنابەران لە هەرێم تەرخان کراون، 40 ههزار و 410 قوتابیی ئاوارە لە کەمپەکان دەخوێنن، لە ساڵی 2021ەوە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابییانی ئاوارە پەیڕەو دهكات، واتە هەر قوتابییەکی ئاوارە مافی پێشکەشکردنی هەیە بۆ هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە ههزار و 160 قوتابی لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاراسانیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆکان.
دواتر دیندار زێباری تیشکی خستە سەر گرنگیی کۆنفرانسەکە و گوتی: هیوادارین ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێک بێت بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لە نێوان دەسەڵاتە جیاجیاکان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی، بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان و دۆزینەوەی ڕێگهچارەیەکی ڕیشەیی لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان. داوا لە هەموولایەک دەکەم کە ئەم کۆنفرانسە وەکوو دەرفەتێک ببینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانی ناوخۆیی و گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕۆڵ بگێڕن لە چارەسەرکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاری و قەرەبووکردنەوە. ئێمە دڵنیایی دەدەین و دووپات لە پشتگیریمان دەکەینەوە لە پابەندبوونمان بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون، بۆ ئەوەی ئاییندەیەک بنیاد بنێین، کە مافی مرۆڤ تەنها پلانێک نەبێت بەڵکوو ببێت بە واقع و لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە.