محەممەد مەحموود- سۆران :
لە چوار چێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن وەزارەتی پەروەردە تەواوی پەرتووکانی قۆناغەکانی خوێندنی چاپکردەوەو دابەشی سەر کۆگای بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کراون.
شێروان عەزیز، بەرپرسی کۆگای دابەشکردنی پەرتووک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بۆ زاری کرمانجی زانیاری زیاتری خستەڕوو گوتی” ئەمساڵ بە چەند قۆناغێک تەواوی پەرتووکەکانی قۆناغەکانی خوێندن گەیشتوونەتە کۆگای دابەشکردنی پەرتووک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران و دابەشی سەر پەروەردەکان کراون و لەوێش دەدرێنە قوتابخانەکان”.
شێروان عەزیز، ئاماژەی بەوەشکرد” تائێستا ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار پەرتووکی نوێمان بەدەست گەیشتووە و ئەو پەرتووکانەش بە پێی ئاماری پەروەردەکانی ئیدارەی سۆران بەشی تەواوی قوتابخانەکان دەکات، کوالێتی چاپی پەرتووکان زۆر باشترە لە چاو ساڵانی پێشوو، ناوەڕۆکی بە شێک لە پڕۆگرامەکانی قۆناغەکانی خوێندنیش گۆڕانکاریان بەسەر داهاتووەو کێشەی هەندێ پەرتووک و ناوەڕۆکیان کەمکراوەتەوە.