هادی باڵەیی
گەورەترین گرفت لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا ئەوەیە كە حزبەكان بەرامبەر بە پارتی زیاتر لە قەبارەی خۆیان وێنای خۆیان دەكەن. یەكەم هەڵبژاردن لە ساڵی 1992 پارتی، دەنگی زۆرینەی خەڵكی بەدەستهێنا، بەڵام حزبی بەرامبەر كە یەكێتی بوو ئەوكات ڕەتی كردەوە، لە كاتێكدا دڵنیابوو لەوەی ئەو دەنگانە دەنگی حەقیقیی خەڵكە!.
لەو ساتەوە تا دەگات بەو هەڵبژاردنەش كە لە ٢٠ ـی ١٠ـی ئەم ساڵدا دەكرێت هەموو حزبەكان باش دەزانن كە زۆرینەی دەنگی كورد بە ڕەوانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئەنقەست و بە مەبەست هەزمی ناكەن. لە كاتێكدا پارتی ئەوكاتیش (هەڵبژاردنی 1992) لەپێناو پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری لە لەتبوون یان هەر مەترسییەكی دیكە، سیستمی 50 بە 50 لەگەڵ یەكێتیدا پەیڕەو كرد.
بەدرێژایی هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كە بۆ پەرلەمانی كوردستان یاخود ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراون، پارتی هەوڵی داوە ڕۆڵ و سەنگ و پێگە بداتە لایەكانی تریش و پرۆسەی بەشداری فرەلایەنە زیاد بكات، بەتایبەت بە یەكێتی، كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگەكانی زۆر دابەزی، بەڵام پارتی بە هەمان مامەڵەی ساڵانی ڕابردوو درێژەی بەو هاوبەشییە داوە، بۆ نموونە یەكێتی 21 كورسی پەرلەمانی هەبوو بەڵام هاوتای 45 كورسییەكەی پارتی ڕۆڵی لەنێو دامەزراوەكانی حكوومەتدا هەبوو، پارتی ئەو سنگفراوانییەی نەك نەكردووەتە منەت بەڵكو خوێندنەوە و پێدانی ڕۆڵ بە ئەوانی دیكە بە ئەركێكی نیشتمانی و پاراستنی یەكڕیزیی نەتەوەیی زانیووە.
چون باشووری كوردستان هیواو ئومێدی باكوو ر و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و سەرجەمی كوردە، سەنگ و پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان لە ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگریی و جێبەجێی پرۆسە دیموكراسییەكەیەتی، ناكرێت لایەنێكی سیاسیی هێندە بە ئاسانی و بێباكانە پێگەی هەرێمی كوردستان لە پێناو خراپیی دۆخی خۆی، بخاتە ژێر پرسیارەوە. یان لە پێناو بە دەستهێنانی پۆستێك لە كەركووك بە پارە، هاوسەنگی كوردستانی بوونی كەركووك تێكبدات!. دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئومێدی گەورە هەبوو كە ئەمجارەش جڵەوی دەستەڵاتدارێتی كەركوك بكەوتەوە دەست كورد، بەڵام بینیمان یەكێتی وەك هەمیشە داخلی ململانێ و بیری تەسكی حزبی بوو، چارەنووس و شوناسی كوردستانیبوونی كەركووكی لەبیر كرد.
گرنگە یەكێتی نیشتمانی و تەواوی حیزبە سیاسییەكان چیتر داخلی گوتار و وتاری نابەرپرسیار و بێسەروبەر نەبن بۆ ئەوەی چیتر خەڵك لەدەست نەدەن، پێویستە نیشتمانیانە بیر بكەنەوە و سیاسەتی واقعبینانە پەیڕەو بكەن، نەك ئاراستە بكرێن و پرۆسەی دیموكراتییەت لە هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر پرسیارەوە و ئەزموون و دەستكەوتەكانی بكەن بە قوربانی ناڕەوایەتی بیری ناكامل.


































































