” پێشبینی دەكرێت پاش كۆبوونەوەكە نرخی دۆلار دابەزێت”
” كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە سزادانی ئەو بانكانەی بە هۆكاری سپیكردنەوەو قاچاخی دۆلار سزادراون”.
زاری کرمانجی-سۆران:
ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ڕایدەگەیەنێت، ”كۆتایی ئەم مانگە لە ئەمریكا كۆبوونەوەیەكی گرنگ دەكرێت و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقیش بەشدار دەبێت”.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ئاماژەی بەوەشکردووە، ”دەكرێت خەزێنەی ئەمریكا پاڵپشتی زیاتری بانكی ناوەندی عێراق بكات و هەندێك سزاكانی سەر بانكەكانی عێراق هەڵبگیرێت، بەڵام چاوەڕێی دابەزینی بەهای دۆلار دەكرێت”.
باسی لەوەشکردووە” كۆتایی ئەم مانگە لە ئەمریكا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقیش بەشداری دەكات، كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی دۆلار بەرامبەر بە دینارو پاڵپشتی خەزێنەی ئەو وڵاتە بۆ بانكی ناوەندیی و پارەداركردنی عێراق”.
ئەو بەرپرسە پتر روونیکردووەتەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بە سزادانی ئەو بانكانەی لە ڕابردوودا لەلایەن ئەمریكاو بانكی ناوەندیی بە هۆكاری سپیكردنەوەو قاچاخی دۆلار سزادراون.
مەزهەر محەمەد ساڵح، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: ”پێشبینی دەكەین سزای ئەو كۆمپانیایانە لاببرێن و بچنەوە ناو سەكۆی ئەلیكترۆنی كڕینی دۆلار، كۆبوونەوەكەش بە گشتی كاریگەری دەبێت لەسەر نرخی دۆلارو چاوەڕێی دابەزینی دۆلار دەكرێت”.
































































