زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، دەڵێت: بوونی ناكۆكی لەسەر سنووروەكان بۆتە هۆی ئەوەی كە لە هەندێك شوێن بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكانی ئیدارەی سۆران گەشتیار ڕووی تێ نەكەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لە هەر شوێن و وڵاتێك كاتێك چەكدارانی حزب و لایەنێك لێی بن، ئەو شوێنە ڕەگەزی گەشتیاری لە دەستدەدات و گەشتیار ڕووی تێناكەن، گەشتیار ڕوو لەو شوێنانە دەكەن كە ئەمن و ئاسایش تێدا بەرقەرارە، بوونی ناكۆكی لەسەر سنووروەكان بۆتە هۆی ئەوەی كە لە هەندێك شوێن بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكانی ئیدارەی سۆران گەشتیار ڕووی تێ نەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەڵكەوتە جوگرافییەكەی بەشێوەیەكە ژمارەیەكی یەكجار زۆر شوێنی گەشتیاری هەن.
وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ئەگەر ئەو شوێنانە ناوچەی ئارام بانە دەمان توانی دەستی خزمەتگوزاری بگەینینێ، بەڵام ئەگەر پێكدادانی چەكداری هەبێت، نەك گەشتیار ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە بەڵكو ئێمەش ناتوانین دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە درێژ بكەین.