شەهلا ڕەشید- سۆران
گوڵە سروشتییەكان بەهۆی بوونی جوانی و بۆنە خۆشەكانیانەوە سەرنجی هەموو كەسێك بۆ خۆیان ڕادەكێشن و وا دەكەن لە بینیان تێر نەبیت، هەر لەم بارەشەوە بڵاوكراوەیەكی كۆمەڵەی ئەمریكی بۆ زانستی ژینگەیی، لە توێژینەوەیەكدا، دەریخستووە” گوڵی سروشتی دەتوانێت كۆمەڵێك كاریگەری دەروونی و تەندروستی جەستەی هەبێت.
هۆرتساینس، كۆمەڵەی ئەمریكی بۆ زانستی ژینگەیی، چەندین توێژینەوەی لەسەر گوڵی سروشتی ئەنجامداوە و بۆیان دەركەوتووە، هەبوونی گوڵی سروشتی لە ماڵەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی و تەندروستی جەستە دروست دەكات، ئەمەش وا دەكات زیاتر هەست بە دڵخۆشی و ئارامی بكەیت، بەگشتی گوڵی سروشتی دەتوانێت بەشدارییەكی بەرچاوی هەبێت لە دروستكردنی ژینگەیەكی تەندروستر و خۆشتر.
هەر لەم توێژینەوەیەشدا، ئاماژە بە چەند خاڵێك دراون كە بریتین لەمانە:
- فشاری دەروونی كەم دەكەنەوە، بۆنە خۆشەكانیان دەتوانن كەشێكی ئارام دروست بكەن، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و بەرەوپێشبردنی هەستكردن بە دڵخۆشی.
-سروشتێكی جوان و ئارامكەرەوە بە ماڵەكان دەبەخشێت.
-هەندێك گوڵ و ڕووەك دەتوانن كوالێتی هەوای ناوماڵ باشتر بكەن بە پاڵاوتنی ژەهرەكان و دەردانی ئۆكسجین، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كەشێكی تازەتر و پاكتر.
-هێشتنەوەی گوڵەكان لە ماڵەوە یارمەتیدەرن بۆ هاندانی بیرۆكەی زیاتر و تەركیز كردن لەسەر ئەنجامدانی كارەكانت. - كاریگەری لەسەر تەندروستی دروست دەكات و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن و كەمكردنەوەی هەستكردن بە ئازار، تەنانەت خێراكردنی چاكبوونەوەی نەخۆشییەكان و هەر جۆرە نەشتەرگەرییەك كە ئەنجامت داوە.
-هەبوونی گوڵ لە ماڵەكەتدا پارچەیەكی بچووكی سروشت دەهێنێتە ناو ماڵەوە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیت بدات هەست بە پەیوەندی زیاتر بكەیت بە جیهانی سروشتەوە، ئەم پەیوەندییە دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ ئەو كەسانەی كە لە شارەكان دەژین و كەمتر پەیوەندییان لەگەڵ شوێنە ژینگەییەكان هەیە.