شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو و نەشتەرگەری، دەڵێت” ڕەنگكوێری واتە نەتوانینی جیاكردنەوەی ڕەنگەكان، تایبەت ڕەنگەكانی سۆر، زەرد، كەسك و شین.
د. سەعدی ساڵح، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو و نەشتەرگەری، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هۆكاری ڕەنگكوێری بۆماوەیە و زیاتر لە سكماكی ڕوودەدات، هەر لە منداڵییەوە كەسەكە ناتوانێت ڕەنگەكان بە جوانی ببینێت و لەیەكتر جیا بكاتەوە تایبەت سۆر، زەرد، كەسك و شین، ئەم حاڵەتە هیچ كاریگەریەكی نەرێنی لەسەر ژیانی تووشبووەكە دروست ناكات و ژیانی ڕۆژانەی ئاساییە.
گووتیشی” ڕەنگكوێری هیچ چارەسەرێكی نییە چونكە بۆماوەیە، تەنها هەندێك حاڵەتی دەگمەن هەن لەوانەیە تووشبووەكە پێویستی بە (عەدەسە) یاخود چاویلكە هەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو حاڵەتی تووشبوونەكە لە سكماكەوە نەبوو و بەهۆی نەخۆشییەكانی شەكرە، هەبوونی ئاوی سپی لەچاو، ئەلزەهایمێر یاخود زەبرێكی توند بەر دەمار و شەبەكەی چاوەكان بكەوێت، ئەوا لە كاتی چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییانە ڕەنگكوێرییەكەش چارەسەر دەبێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” حاڵەتی ڕەنگكوێری سێ جۆرە، یەكەمیان تووشبووەكە ناتوانێت جیاوازی بكات لەنێوان ڕەنگی سۆر و كەسك، جۆری دووەمیان شین و زەرد بە یەك ڕەنگ دەبینن، هەروەها جۆری سێیەمیشییان هیچ ڕەنگێك نابینێت و دونیا بەردەوام لە پێشی چاوی ڕەش و سپییە.


































































