” داوامان كردووه به‌غدا مووچه بۆ 30 هه‌زار خاوەن پێداویستى تایبەت ببڕێته‌وه”
زارى کرمانجى-سۆران:
وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى و وه‌زاره‌تى كار‌و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پرسى هاوتاكردنى مووچه‌ى كه‌مئه‌ندامان له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆده‌بنه‌وه.
وەزیرى کار‌و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەڵێت: ”داوامانكردووه به‌غدا مووچه‌ى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى هاوتاى مووچه بنێرێت”.
شه‌ممه 24ى ئابى ٢٠٢٤، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیرى كار‌و كاروبارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا گووتى: ”ئێمه داوامان كردبوو كه محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ببینین و كۆبینه‌وه له‌گه‌ڵى له‌سه‌ر پرسى هاوتاكردنى مووچه‌ى خاوەن پێداویستى تایبەت، به‌ڵام به‌غدا به ئێمه‌ى راگه‌یاندووە ، وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه كۆده‌بنه‌وه، بۆیه شاندى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى کار‌و کاروبارى کۆمەڵایەتى هەرێم، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانى عێراق كۆده‌بنه‌وه”.
ئاماژەى بەوەشکردووە ”ئێمه داوامان كردووه به‌غدا مووچه بۆ 30 هه‌زار خاوەن پێداویستى نوێ ببڕێته‌وه و مووچه‌ى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ مووچه‌كانى دیکە بنێرن. له‌باره‌ى پرسى ئه‌و خاوەن پێداویستیانەى كه ناویان دووباره‌یه، روونیکردەوە” لە ئێستادا 900 خاوەن پێداویستى تایبەت، كه ناویان لاى ئێمه‌و لاى ئه‌وانیش هه‌یه، سه‌رقاڵى چاره‌سه‌ركردنین”.

































































