” جگە لە پارە هیچ شتێكی دیكە وەرناگرن”
زاری کرمانجی – رواندز:
چەکدارانی پەکەکە بەزۆرە ملێ سەرانە لەو کەسانە وەردەگرن کەکاری ئاژەڵداری و جوتیاری دەکەن، گەر پارەشیان پێ نەدرێت کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن ناهڵێن ئەو کەسانە کارو کەسابەتی خۆیان بکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی زاری کرمانجی لە کوێستانەکانی سنووری رواندز، چەکدارانی پەکەکە لە هەر ئاژەڵدار و جوتیارێک بری جیاوازی سەرانەیان وەرگرتووە، کەمتریان ٢٠٠ هەزار دیناربووە تاکو زیاتر لە ملیۆنێک دینار.
جگە لەوەش لیستێکیان ئامادە کردووە ناوی تەواوی ئاژەڵدارن و هەنگەوانانی تێدایە، هەر کەسێک ئەو سەرانەیەی ئەوان داوای دەکەن و کەسەکە نەیدات بۆی دەکەن بە دوو بەرامبەر و زیاتر هەڕەشەی ئەوەش دەکەن کەوا ناهێڵن جارێکی تر بێنەوە کوێستانەکان .
هەندێك لەو ئاژەڵدارانە، بەهۆی مەترسی لەسەر سەر و ماڵیان داواین كردووە ناوی نەنووسرێت بە زاری كرمانجیان گووت” خۆشی بێت یا ناخۆشی ناچارین ساڵانە ئەو سەرانەیە بدەین، تەنها بۆ ئەوەی رێگە بدەن لە كۆێستانەكانی خۆمان و وڵاتی خۆمان مەڕو مەڵاتمان بلەوەرێنین و هەنگەکانمان. بە خێو بكەین.
بەپێی زانیاریییەكانی دەست زاری كرمانجی گەیشتووە ” ئەو لیستەی ئەوان پێیانە لەو سنوورە ناوی سەدان ئاژەڵدارو جوتیار و هەنگەوانی تێدایە، هەر کەسێک لەسەر ئەو بابەتە گفتووگۆیان لەگەڵ بکات و بڵێت پارەکە نادەم یا کەمی کەنەوە، ئەوان بۆی دەکەن بۆ دووقات و سێ قات و دەیخەنە ژێر چاودێرییەوە”.
“چەکدارانی پەکەکە مەڕو بزن و گیسکیان قبوڵ نییە جگە لەپارە، گەر کەسێکیش پارە نەدات دەبێت ئەو کوێستانە چۆڵ بکات و ناوی دەخەنە لیستێکەوە”. ئەمە قسەی ئاژەڵدارێكی ناوچەكە بوو.
ئاژەڵداران و ئەو کەسانەی لە لایەن چەکدارانی پەکەکە سەرانەیان لێ وەردەگیرێت زۆر بێزارن، هەندێکیان دەڵێن “خەریکە واز لە کاری ئاژەڵداری دەهێنین، ئەوەی دەستمان دەکەوێت ساڵانە، پەکەکە دێت لێمانی وەردەگرێت لە کاتێکدا ئێمە لەسەر خاک و شوێنی خۆمانین”.